شه‌یتان و خێو و جنۆكه

كه‌منداڵ بووم هاوینان ده‌چوم بۆ لادێ ماوه‌ی مانگێك ده‌ماوه‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مه بۆمن خۆشترین سه‌رده‌م بوو، شه‌وان له‌لادێ باس باسی جنۆكه‌و خێو و شه‌یتان و ساحێب بوو، ئه‌وه‌ی باش نه‌مده‌زانی چیه ساحێب بوو، ده‌یان ووت گوایه هه‌موو ماڵێك ساحێبێكی هه‌یه شه‌وان به‌جلی سپیه‌وه خۆی پیشانی خه‌ڵك ده‌دا، من هه‌رچه‌نده باوه‌ڕم به‌م شتانه نه‌ده‌كرد به‌ڵام هه‌ندێ جارمووچڕكه به‌له‌شما ده‌هات له‌ترسا.
شه‌وێك خه‌به‌رم بوه‌وه له‌نیوه‌ی شه‌ودا، ئه‌وه‌نده‌م شوتی خواردبوو ناچار بووم هه‌ستم بچم میز بكه‌م، ژوره‌كه زۆر تاریك بوو سه‌روو ژورو لێ وون بووبوو به‌ڵام میزه‌ڵانم ئاوسابوو ده‌بوایه بچومایه بۆ ئاوده‌ست، هه‌رچۆنێك بێت وه‌كو كابرایه‌كی كوێر ده‌ستم گرد به‌دیواره‌كانه‌وه هه‌نگاوم ده‌نا به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم به‌ره‌و كوێ، وادیار بوو ژوره‌كه‌م جێ هێشتبو چوبومه ژورێكی تر، ماڵه‌كه باش شاره‌زابووم به‌ڵام نه‌م ده‌زانی له‌كوێم، كوت‌وپڕ خۆم دییه‌وه له‌به‌رده‌م شكڵێكی سپی‌دا كه‌باڵای له‌من زۆر به‌رزتر بوو، ڕاست و ڕه‌پ له‌به‌رده‌مما هیچ نه‌ده‌جوڵا، به‌بینینی ووشك بووم له‌جێگه‌ی خۆمدا و میزه‌كه‌م له‌بیرچوه‌وه، له‌دڵی خۆمدا ووتم ئه‌وه‌یه ساحێب كه‌من باوه‌ڕم پێ نه‌ده‌كرد، هه‌رخێرا سه‌رم دانه‌واندوو گه‌ڕامه‌وه جێگه‌ی خۆم و به‌تانیه‌كه‌م دابه‌سه‌رمدا لێی خه‌وتم ، به‌یانی هه‌ستام یه‌كه‌م شت كه‌به‌بیرما هات خێوه‌كه بوو، هه‌ستام به‌وناوه‌دا گه‌ڕام هه‌تاوه‌كو بزانم شه‌وی ڕابوردوو بۆكوێ هه‌نگاوم نابوو له‌كوێدا ئه‌و خێوه‌م بینی، كه‌گه‌شتمه ئه‌و شوێنه‌ی كه‌وام باوه‌ڕ بوو شوێنه‌كه‌ی شه‌وی ڕابوردوو بوو خێوه‌كه‌م بینیه‌وه سه‌رتاپا سپی له‌به‌رده‌ما، دامه قاقای پێكه‌نین و زۆر دڵم خۆش بوو، چونكه ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆری نانی تیری بوو هه‌ڵچنرابوون و داپۆشرابوون به خامێكی سپی.
له‌تاریكیدا وه‌ك هه‌موو منداڵێك و بگره به‌گه‌وره‌یش ئێستاكه هه‌ر له‌تاریكی ده‌ترسم و پێم شتێكی گرانه له‌ماڵێكی لادێ‌دا به‌ته‌نها بژیم، هه‌ندێ جار له چۆڵه‌وانیش به‌ڕۆژی ڕوناك ده‌ترسم، له به‌شه‌ر ناترسم له شتێك ده‌ترسم كه له‌به‌شه‌ر ناچێت.كه‌منداڵ بووم له‌خێزانه‌كه‌مانا زۆر به‌ئازا ناوم ده‌ركردبوو بۆیه ئیشی من بوو كه‌شه‌وان دره‌نگ كه شتێك كه‌م بوایه یان دایكم چگه‌ره‌ی لێ ببڕایه ده‌بوایه ببچومایه بیكڕم، زۆربه‌ی جار به‌ته‌نیا، ڕیگاكه‌ش تاریك بوو هه‌روه‌ها ده‌بوایه به‌به‌رده‌م تونی حه‌مامێكدا تێپه‌ڕ ببومایه نازانم بۆچی ئه‌و حه‌مامه ئه‌مه‌نده سامناك بوو به‌شه‌و بۆمن ، هه‌ر كه‌ده‌گه‌شتمه نزیك حه‌مامه‌كه چاوه‌ڕوانم ده‌كر كه‌كه‌سێكی گه‌وره به‌ویادا تێپه‌ڕێت هه‌تاوه‌كو دوای كه‌وم له‌و سه‌ریشه‌وه به‌هامان شێوه، به‌ڵام زۆرجار كه‌س دیار نه‌بو ناچار بووم به‌و هه‌موو ترس و له‌رزه‌مه‌وه ڕێگا بگرمه به‌ر ، سه‌رم دائه‌نه‌واند وو له‌به‌رخۆمه‌وه ده‌م ووت بیسمیلاهی ڕه‌حمان ڕه‌حیم (س) ی بیسلامه‌كه‌م وه‌هاد رێژ ده‌كرده‌وه هه‌تا ڕه‌ت ده‌بووم له تونی حه‌مامه‌كه نه‌م ده‌بڕیه‌وه، هه‌ندێ جار كه‌باران ده‌باری ترسه‌كه‌م زیاتر ده‌بوو، زۆر جار وام هه‌ست ده‌كرد كه‌كه‌سێك به‌دوامه‌وه‌یه بۆیه به‌هیچ جۆری ئاوڕم نه‌ده‌دایه‌وه، شه‌وێكیان بارانێكی زۆر ده‌باری منیش به‌به‌رده‌م تونه‌كه‌دا ڕه‌ت ده‌بووم و زمانم له‌سه‌ر (س) بیسملابوو كوت‌وپڕ پشیله‌یه‌كی ڕه‌ش له پێچێكدا چاوه‌كانی دائه‌گیرسا وه‌كو گڵۆپ لێم هاته میاواندن و خۆ گرژ كردنه‌وه نازانم بۆ، ده‌یان ووت پشیله‌ی ڕه‌ش شه‌یتانه، خه‌ریك بوو ئاله‌ویادا دڵم بكه‌وێته خواره‌وه، ئه‌وو شه‌وه‌م له‌بیر ناچێته‌وه.
ترسی ئه‌و منداڵیه‌م هه‌تا گه‌وره‌ش بووم هه‌ر به‌دوامه‌وه‌بوو، به‌تایبه‌تی له‌شوێنی چۆڵ و شه‌وی ته‌نیایدا هه‌میشه هه‌ست به‌و رۆحه‌ده‌كه‌م كه‌له‌پشت سه‌رمه‌وه‌یه‌و به‌ته‌ورێک ده‌یه‌وێت بمكات به‌دوو له‌ته‌وه بۆیه زۆر جار ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه، ئه‌م هه‌سته‌م له‌فلیمی ( ئاخر هه‌وڵی عیسا ) دهر‌هێنه‌ری ئه‌مریكی: ماختان سكۆخسێزم بینی، عیسا له‌بیابانێكدا ده‌ڕوات زوو زوو ئاوڕ ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ تۆ كێیت ؟ بۆ دوام كه‌وتویت، ؟ له‌وه وه هه‌ستم كرد كه‌ته‌نها من نیم هه‌ست به‌بووونی كه‌سێك ده‌كه‌م له پشتمه‌وه، دڵم تۆزێ ئاسوده‌بوو.جگه‌له‌مانه‌ش زۆر جار كه‌ده‌چمه شوێنێكی نه‌ناسراو مێژو و ژیانی ئه‌ووشوێنه كارم تێده‌كات، جارێكیان له‌لادێیه‌ك له‌فه‌رنسا لای براده‌رانم میوان بووم چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك لای ئه‌وان بووم، تازه خانوه‌كه‌یان كڕی بوو، خانوه‌كه به‌سه‌ر گردێكه‌وه بوو ئه‌و ناوچه‌یه هه‌میشه كزه‌بایه‌كی هه‌بوو، خانویه‌كی زۆر گه‌وره‌بوو هه‌ندێ جار به ماتۆڕ به باخه‌كه‌ی چوارده‌وریا ده‌هاتم و ده‌چوم هێنده فراوان بوو، چه‌ند ماڵێكی تری به‌ده‌وره‌وه‌بوو به‌ڵام هه‌موویان دوور بوون، براده‌رانم ڕۆشتن بۆ سه‌فه‌ر هه‌ر خۆم به‌ته‌نها مامه‌وه له‌و مـاڵه، به‌ڕۆژا له‌ژورێكا به‌ته‌نها ڕه‌سمم ده‌كرد بۆ ئاماده‌كردنی پێشانگایه‌ك.
ڕۆژێكیان ده‌مه‌و ئێوارێ هێشتا دنیا ڕۆشن بوو كارم ته‌واو كرد، ده‌رگای ژوره‌كه‌م داخست و به‌ره‌و ماڵه‌كه كه‌وتمه ڕێ، نزیكه‌ی سی مه‌ترێك له‌ماڵه‌كه‌وه نزیك بووم كوت‌وپڕ سامێكم لێ نیشت به‌هیچ جۆرێك نه‌م ده‌توانی هه‌نگاوێكی تر بنێم، چوارده‌ورم گیرابوو به‌خێو ها ئێستا ها ساتێكی تر ده‌مبه‌ن بۆخۆیان، چی بكه‌م ده‌بێت بڕیارێك بده‌م، باش بوو كلیلی ماتۆڕه‌كه‌م پێ بوو كاسكی ماتۆڕه‌كه‌ش دوور نه‌بوو به‌ڵام ده‌بوایه بچم ماتۆڕه‌كه‌م بهێنم كه ده مه‌تر لێم دووربوو، ئه‌و ده مه‌تره‌م زۆر به‌ناڕه‌حه‌ت بڕی، كه‌نزیك بوومه‌وه له‌ماڵه‌كه گوێم له‌ده‌نگه ده‌نگ بوو كه هیچ تێ نه‌ده‌گه‌شتم له‌و ده‌نگه‌ده‌نگه، موچڕكه به‌هه‌موو گیانما ده‌هات، ئه‌وه‌نده‌م بۆكرا ماتۆڕه‌كه‌م خسته ئیش و قوچاندم به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ بده‌مه‌وه باشبوو كلیلی ماڵێكی ترم پێ بوو له‌شار كه سی كیلۆمه‌تر له‌وێوه دوور بوو، چوم له‌شار دوو بیره‌م خوارده‌وه‌و هاتمه‌وه سه‌رخۆ، ئیتر سه‌رم نه‌كرده‌وه به‌و ماڵه‌دا، كه‌براده‌رانی فه‌ره‌نسیم هاتنه‌وه به‌سه‌رهاته‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه، ووتیان له‌و ماڵه‌دا به‌سه‌ر‌هاتێكی سه‌یر ڕویداوه كه‌كه‌س نازانێ چیرۆكه‌كه‌ی چۆنه به‌ڵام ئافره‌تێك كوژراوه نازانرێت چۆن.
زیاره‌تی كه‌نیسه‌یه‌كی به‌ناوبانگم ده‌كرد له‌شاری لیۆن به‌سه‌ر یاڵێكه‌وه كه ده‌یڕوانی به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌و توریستانه‌دا به‌و ژێرزه‌مینه‌دا ده‌هاتم و ده‌چوم خه‌ڵكێكی زۆر به ده‌ورمه‌وه بوو، شوێنه‌كه تاریك نه‌بوو، كوت‌وپڕ گوێم له‌هاواری خه‌ڵك بوو، هاواری ئه‌شکه‌نجه‌و ئازار، وام هه‌ست ده‌كر كه‌سانێك له‌سه‌ر ئه‌و تاشه‌به‌ردانه ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن، هاواره‌كه هێنده ناڕه‌حه‌تی كردبووم كه‌نه‌م توانی بمێنمه‌وه خێرا ڕام كرده ده‌ره‌وه، ده‌م وویست پرسیار بكه‌م هه‌تاوه‌كو بزانم چی ڕویداوه له‌مێژودا له‌و كه‌نیسه‌یه به‌ڵام كه‌س نه‌بوو وه‌ڵامم بداته‌وه.
كچێكی براده‌رم ڕۆژێك داوای لێكردم بچین ڕابكه‌ین له‌دارستانێكدا كه‌له‌وه‌و به‌ر ئه‌و دارستانه‌م ده‌ناسی، ڕامان ده‌كرد كوت‌وپڕ به‌ته‌نیشت ماڵیكدا تێپه‌ڕین له‌ناوه‌ڕاستی دارستانه‌كه‌دا، ماڵه‌كه زۆر كۆن دیار نه‌بوو، چه‌ند كورسی و مێزێك له حه‌ووشه‌كه‌دابوون دیار بوو ماوه‌یه‌كی زۆر بوو كه‌س نه‌هاتبوه ئه‌و ماڵه‌وه، بیست مه‌ترێك به‌چوارده‌وری ماڵه‌كه‌دا داری تیانه‌بوو له‌به ئه‌وه تۆزێ ڕۆشن تر بوو له‌دارستانه‌كه، به‌بینینی ئه‌و دیمه‌نه وه‌ستام و سام دای گرتم، كچه‌كه‌ی براده‌رم پرسیاری لێ كردم كه‌سه‌یری چی ده‌كه‌م، پێم ووت كه‌له‌و دیمه‌نه زۆر ده‌ترسم، پێ‌كه‌نی و ووتی بۆیه منی هێناوه بۆ ئه‌وناوه هه‌تاوه‌كو بزانێ ئایا هه‌ست به‌هه‌مان شت ده‌كه‌م وه‌كوو ئه‌و.
هه‌رچۆنێك بێت ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌م هه‌ستانه‌وه ده‌ژیم ، به‌ڵام له‌دڵی خۆمدا هه‌موو جارێك ئه‌و پرسیاره‌ده‌كه‌م و ده‌لێم ئه‌و خێوه‌ی هه‌میشه به‌دوامه‌وه‌یه و ده‌یه‌وێت به‌ته‌ورێك بمكات به‌دوو له‌ته‌وه له‌وانه‌یه به‌شێك له‌خۆم بێت كه‌تۆراندومه‌و لێم زیز بووه، نازانم كه‌ی تۆراندومه وه‌ها وێڵ بوه‌و به‌داوای له‌شه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێ هه‌توه‌كو تیایا نیشته‌جێ ببێته‌وه، وه‌ك غه‌ریبێك وێڵ بووه شوێنێك نیه تیایا نیشته‌جێ ببێت ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه باوه‌شی دایكی به‌ڵام من نازانم چۆن ئاشت ببمه‌وه له‌گه‌ڵی چونكه نایناسمه‌وه و بیرم نایه‌ت له چ ڕوداوێكی ژیانمدا تۆراندومه، نازانم چۆن ئاشتی بكه‌مه‌وه هه‌تاوه‌كوببینه‌وه به‌یه‌ك، وابزانم بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی بكه‌مه‌وه ده‌بێت بزانم كه‌یی و چۆن له‌خۆمم تۆراندووه ئه‌مه‌ش كارێكی زۆری ده‌وێت، یان له‌وانه‌یه جێگای ئه‌و ڕۆحه‌م به شتێكی تر پڕ كردبێته‌وه كه له‌و باشتره و زیاتر ژیانی ئاسوده كردووم ئه‌ویش به‌غیله به‌وه‌ی كه نیشتمانه‌كه‌ی داگیركراوه، منیش تیاماوم؛ وا دیاره به‌سراوه‌ته‌وه به‌من ده‌نا بۆچی هه‌ندێ جار زیاتر ده‌م ترسێنێت.
خۆ من له‌و كه‌سانه نیم بچم بۆ لای دكتۆری نه‌فسی چونكه وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن ئێمه ناتوانین هیچ كه‌سێك چاك بكه‌ینه‌وه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ئه‌گه‌ر كوێر بێت گۆچانێكی ده‌ده‌ینه ده‌ست، من له‌و گۆچانه باشترم دۆزیوه‌ته‌وه

